گەرمیان حەمەی پوور
مه‌رجی لابه‌لای کار
شەرمین کە ناوێکی خوازراوە، درێژه‌ی پێدا چه‌ندین جاره به‌ده‌م هه‌لی کارەوە چووە، لە به‌شێک له‌و شوێنانه‌ی که کاره‌که‌ی به دڵ بووه‌و بۆ ئەو گونجاو بووه، چووەتە پێشەوەو داواکاری پێشکەشکردووە. دوای چاوپێکەوتن و قسه‌کردن له‌سه‌ر شێوازی کاره‌که، ڕازی کردنی دڵی به‌رپرسی کاره‌که یان به‌ڕێوه‌به‌رو خاوه‌نکار بەشێوازی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کراوه‌ته مه‌رجی وه‌رگرتن.
شه‌رمین کە لە ته‌مه‌نی سه‌روو سی ساڵەوەیە، بڕوانامه‌ی دبلۆمی هه‌یه‌و دوو ساڵه له هاوسه‌رەکەی جیابووه‌ته‌وه، نایه‌وێ ببێتە بارێکی گران به‌سه‌ر هیچ که‌سێکە‌وه. “لەم ساڵە‌دا زۆر هه‌وڵی کارکردنم دا، به‌ڵام یان کارەکە نەگونجاو بووە یان ئەگەر گونجاو بووبێت، مه‌رجی لابه‌لای بۆ دانراوه، بۆیە تا ئێستا بێکارم”، ئەو وا دەڵێت.
ئەو کە هاوکات خۆی به چالاکوانێکی ڕێکخراوه‌کانی ژنان ناساند لەم بارەیەوە دەگێڕێتەوەو دەڵێت، “بەپێی کارکردنم له بواری ژناندا ئاگاداری ده‌یان دۆسیه‌ی هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆمم، به‌شێک له ژنان و کچان له‌کاتی هه‌وڵدان بۆ وه‌رگرتنی کار، جه‌سته‌یان وه‌ک بارمته تەماشا کراوە”.
له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک خانمی تر له چین و توێژی جیاواز پرسیارم له‌سه‌ر بابه‌ته‌کە کرد، هه‌ندێکیان خۆیان له وه‌ڵامی پرسیاره‌کان به‌دوورگرت، هه‌ندێکی تر بێ بیانوو گرتن کاریان پێدراوه، هه‌ندێکیشیان له به‌شێک له‌و شوێنانه‌ی بۆ کار ڕوویان لێکردووه، ناڕاسته‌وخۆ گێچه‌ڵیان پێکراوه، به‌شێکی تریشیان ڕاسته‌وخۆو ڕاشکاوانه داوای سکێسیان لێکراوه به‌رامبه‌ر پێدانی کار و موچه‌یه‌ک که خاوه‌نکار به‌سایشته‌یانی بزانێت.
ویستی خاوەنکار
یه‌کێک له‌و ژنانە کە تەمەنی 60 ساڵە، له‌به‌رامبه‌ر پێدانی کاردا داوای سێکسی لێکراوه. ئەو پێی باش بوو ناوی خوازراوی “عه‌تیه”ی بۆ به‌کاربهێنرێت، به‌م جۆره چیرۆکی خۆی گێڕایه‌وه، “چه‌ند ساڵێک له‌مه‌و پێش له ده‌زگایه‌کی ئه‌منییه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا چه‌ند ژنێک بۆ کاری پشکنینی ژنان له خاڵه ئه‌منییه‌کانی ده‌زگاکه‌دا داده‌مه‌زرێنن، له‌گه‌ڵ ژنێکی هاوڕێمدا به‌ده‌م داواکارییه‌که‌وه چووین، به‌رپرسی ده‌زگاکه پێی ڕاگه‌یاندین ئه‌گه‌ر به‌ویستی ئه‌و ئاماده‌بین کار بکەین، هه‌ر له‌وێ واژوو له‌سه‌ر دامه‌زراندنمان ده‌کات، به پێچه‌وانه‌وه پێی وتین ژنی تر هه‌یه ئه‌و کاره‌ی بۆ بکه‌ن”.
عەتیە دەگێڕێتەوە کە ئه‌وان کاره‌که‌یان ڕه‌تکردووه‌ته‌وه به‌ڵام وه‌ک ئه‌فسه‌ره‌که پێی وتوون ژنی تر هەبووە بە ویستی ئەو ڕازی بن و دابمەزرێن. به‌شێک له‌وانه‌ی که لە به‌رامبه‌ر پێدانی کاردا وەک بارمتە تەماشای ژنان دەکەن، له ئاستی باڵای ده‌زگاکاندان، چ حکومی بێ یا کەرتی تایبەت.
ئه‌ڤین ده‌رچووی زانکۆیه‌و ته‌مه‌نی 27 ساڵه، هه‌لی دامه‌زراندنی له پارێزگایه‌ک لە پارێزگاکانی کوردستان بۆ ڕه‌خساوه، به‌ڵام بەوتەی خۆی، دامەزراندنەکەی لەسەر واژووی به‌رپرسێکی باڵای پارێزگاکه وەستاوە. ئەڤین باسی ئەوە دەکات کە ئەو بەرپرسە، په‌یوه‌ندی سۆزداریی کردووەتە مه‌رجی واژووکردنی مامه‌ڵه‌ی دامه‌زراندنه‌که‌ی. “بێ‌کاری و ژیانی هه‌ژاریم هه‌ڵبژاردووه‌و ئه‌و مه‌رجه‌م ڕەتکردووەتەوە کە بۆ دامه‌زراندنم دانراوە”.
دانانی مه‌رجی په‌یوه‌ندی سۆزداری و هەراسانکردنی سێکسی پێشوەختە و به‌بارمته‌گرتنی جه‌سته‌ی ژنانی به‌رامبه‌ر هه‌لی کار، ته‌نها له دام و ده‌زگا حکومییه‌کاندا نییه، به‌ڵکو له که‌رتی تایبه‌ت و ناوه‌ندە بازرگانییه‌کان و کومپانیاو ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنیشدا هەن و ئه‌مجۆرە که‌یسانه تۆمار کراون.
هانا کە خانمێکی بێکاره‌و خولیای کاری میدیایی هه‌یه، بۆ وه‌رگرتنی به‌رنامه‌یه‌ک به‌ده‌م بانگه‌وازی که‌ناڵێکی لۆکا‌ڵی هه‌ولێره‌وه دەچێت “به‌رپرسی که‌ناڵه‌که پاش چه‌ند قسه‌یه‌کی ئاسایی، ده‌ست دەکات بەباسکردنی خۆی و هەروەها ئەو کەسانەی تریش کە داواکارییان پێکەشکردوەو دووای تاقیکردنەوە وەرنەگیراون، چونکە به که‌ڵکی کارهکە نه‌هاتوون، بەڕێوبەرەکە بەئاشکراو وتوویەتی کە ئەو کە‌ناڵه‌که‌ی بۆ خۆشی و چێژی خۆی دامەزراندووە. پێی وتم، “ئه‌بێ هه‌موو شتێکت لا ئاسایی بێت و ته‌نانه‌ت مانه‌وه‌ش له ئۆتێلێکدا بەیەکەوە”. ئه‌و خانمه بەدڵگرانییەوە ده‌ڵێ “پێشتر مه‌رجی وام به‌و ڕاشکاوی ڕاسته‌وخۆییه پێ نه‌وتراوه، بۆیه به تووڕه‌ییه‌وه ده‌زگاکەم جێهێشت”.
زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دواو باسی ئەوەی کرد، کە هاوڕێیه‌کی هەمان خولیای هه‌بووەو لە دەزگایەکی راگەیاندن هه‌مان داوای لێکراوه‌و ڕه‌تی کردووه‌تەوە. لەبەرامبەردا کەسێک لە نزیکەوە دەناسێت لەبەرامبەر وه‌رگرتنی کار له ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن کە بەرپرسێکی حزبی دایمەزراندوە، ، ڕازی بووە په‌یوه‌ندی سۆزداری له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسه هەبێت”. به پێی به‌دواداچوونی نووسەری ئەم ڕاپۆرتە زۆرینه‌ی ڕه‌های ئه‌و ژنانه‌ی داوای لە به‌رامبه‌ر کاردا، داوای په‌یوه‌ندی سێکسی و سۆزدارییان لێکراوه، کاره‌کانیان ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه، ژمارەیەکی زۆر که‌میان ڕازی بوون.
بێدەرامەتیی
به پێی به‌دواداچوونه‌کانمان بۆ دۆخی گوزه‌رانی ئه‌وانەش، دەرکەوت له دۆخێکی دارایی زۆر خراپدان، له‌وانه‌ن بێدەرامەتن، لەوانە ژنی جیابوەوە له هاوسه‌ره‌کانیان و منداڵیان هه‌یه‌و توانای دابین کردنی پێداویستی و به‌ڕێکردنی ژیانی ڕۆژانه‌یان نییه. له‌ناو ئه‌مانه‌شدا، لە سه‌ره‌تادا ئه‌و داواکارییانه‌یان ڕه‌تکردووه‌ته‌وه، به‌ڵام خراپی ژیان و گوزه‌ران ناچاری کردوون له‌نێوان بژێوی و ڕازیبوون بەمەرجی خاوەنکار، ئه‌وه‌ی دووه‌میان هه‌ڵژاردووه.
نیگار ڕه‌شید چالاکی بواری ژنان ئاگاداری به‌شێکی زۆر له‌و که‌یسانه‌یه‌و ده‌ڵێ، “هیچ بیانوویه‌ک نابینێت بۆ خۆڕاده‌ستکردنی ژنان، ئه‌و ژنانه‌ی بەمەرجی نەشیاو رازیبوون، پێیان وایه که دوای ره‌تکردنه‌وه‌ی چه‌ند هه‌لێکی کار ئیتر ژیان بۆ ئه‌وان کۆتایی دێت و هه‌رگیز کاریان ده‌ستناکه‌وێت، بۆیه خۆیان ڕادەستی دۆخەکە دەکەن”.
نیگار که‌یسێک به نمونه دەهێنێته‌وه کە چۆن ژنێکی بێ مێرد توانای کاری نەبووە‌و ته‌نها کوڕێکی هه‌بووه بتوانێ کاری بۆ بکات و بژێویان دابین بکات. له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌ک کوڕه‌که‌ی دەکه‌وێته زیندان و به پێی یاسا مافی ئازدکردنی به که‌فاله‌ت هه‌بووه، به‌ڵام ئازاد نه‌کراوه‌و بەرپرسی دۆسیەکە دۆخی دایکەکەی قۆستوەتەوە بۆ ئازادکردنی کوڕەکەی. ژنه‌که‌ش بۆ ده‌رچوونی کوره‌که‌ی له‌و دۆخه داواکه‌ی قه‌بووڵکردووه”.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەم ژنە چالاکوانە، به‌شی زۆری ئه‌و ژنانه کە خراونەتە بەردەم مەرجی لەو شێوەیە، پێیان باش نەبووە سکاڵا لەسەر ئەو دەسدرێژیانە تۆمار و پشت گوێیان خستووە. ئەو ژنانه‌ش کە گێچه‌ڵیان پێکراوه داوای یاساییان تۆمار نەکردووه، هه‌ندێکیشیان ته‌نها ڕێکخراوه‌کانی ژنانیان ئاگادار کردووه‌ته‌وه، چونکه هه‌ڕه‌شه‌ی توندیان لێکراوە، ئەگەر بێت و ناوی دەسدرێژکارەکان بهێنن یان سکاڵا تۆمار بکەن. نیگار، باری کۆمه‌ڵایه‌تیش به هۆکارێکی تری بێده‌نگبوونی ئه‌و ژنانه ده‌زانێت.
بێ‌کاری و ئیستغلال
لایه‌نه فه‌رمی و په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێم ڕووپێوییه‌کی نزیکیان نییه بۆ ڕێژه‌ی بێکاریی له هه‌رێم، وه‌زاره‌تی پلاندان له ساڵی 2015 دوا ئاماری ڕێژه‌ی بێکرای بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و ڕێژه‌که‌ی له هه‌رێمی کوردستان به 13،53% دیاری کردووه، ده‌سته‌ی ئاماریش بۆ ساڵی 2019 ڕێژه‌که‌ی به 14% داناوه که له‌یه‌که‌وه نزیکن، به‌ڵام بەگوێرەی خەمڵاندنی ڕێکخراوه ناحکومییه‌کان ڕێژه‌ی بێ‌کاری له کوردستان زیاتره له 14% و ئه‌مه‌ش ساڵانه له‌گه‌ڵ زیاد بوونی ده‌رچووانی زانکۆ‌و په‌یمانگاکاندا زیاتر ده‌بێت و لەهەردوو که‌رتی حکومی و تایبه‌تدا هەلی کار کەمدەبێت. بەپێ توێژەرێکیش له‌گه‌ڵ هه‌ڵکشانی پرسی بێکاریدا ڕێژه‌ی تاوان و گێچه‌ڵی سێکسی و “ئیستغلال” زیاد ده‌بێت.
محه‌مه‌د نه‌جم توێژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی پێی وایه بێ‌کاری سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی تاوانه‌کانەو بەلای ئەوەوە زۆرجار بێکاریی مرۆڤ ناچاری سه‌رکێشی دەکات، ئه‌مه‌ش له نێوان پیاوان و ژناندا جیاوازه، پیاوان بۆ پەیداکردنی بژێویی په‌نا بۆ دزی و فێڵ و ته‌نانه‌ت کوشتنیش ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌مه له‌ناو ژناندا بەلای ئەوەوە که‌متره.
بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئابووری سه‌ربه‌خۆ بن، ژنان زیاتر هه‌وڵی ده‌ستخستنی کار ده‌ده‌ن، بۆ هه‌ر هه‌لێکی کاریش سه‌دان و ڕه‌نگه هه‌زاران ژن داواکاری پێشکه‌ش بکه‌ن به‌تایبه‌ت له دامه‌زراوه حکومییه‌کاندا، به‌ڵام وه‌ک له داتای ساڵانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی توندوتیژی دژ به‌ژنان و ئاماری ڕێکخراوه‌کانی ژناندا ده‌رده‌که‌وێت، به‌شێکی زۆر له‌و ژنانه لە به‌رامبه‌ر پێدانی کاردا، ڕووبه‌ڕووی گێچه‌ڵی سێکسی ده‌بنه‌وه.
به پێی ئاماری یه‌که‌ی ئامار و داتای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له هه‌رێمی کوردستان له ساڵێ 2021 له هه‌رێمی کوردستاندا 1474 سکاڵا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و نووسینگه‌کانیان تۆمار کراون، به‌ڵام ورده‌کاری جۆری سکاڵاکان باس نه‌کراوه.
فێنک حاجی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان ڕایگه‌یاند “حاڵه‌ته‌کانی توندوتیژی و گێچه‌ڵی سێکسی به‌هۆی پێشکه‌وتنی ته‌کنۆلۆژیاوه زیاتر بوون، به‌ڵام ئامارێکی ورد نییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌لی کار ژنان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حزبی و حکومی یان ده‌زگاکانی که‌رتی تایبه‌ته‌وه داوای په‌یوه‌ندی نا شه‌رعییان لێ کرابێت”.
ئه‌و به‌رپرسه وتیشی “ئه‌مه بۆ ئێمه زه‌نگێکی ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌و له داهاتوودا له‌لایه‌ک کار له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووی بوونه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ت و دیاردانه ده‌که‌ین و له‌لایه‌کی تریش دۆسیه‌ی تایبه‌تی بۆ ده‌که‌ینه‌وه‌و پۆلێنی تایبه‌تی له ئاماردا بۆ ده‌که‌ینه‌وه”.
هەر بە پێی بەدواداچوونەکان، جگە لە ژنانی بێکار، بەشێک لە ژنانی خاوەنکاریش لەلایەن بەڕێوەبەرو پەرپرسی دام و دەزگاو خاوەنی کۆمپانیاو شوێنکارەکانەوە، فشاریان خراوەتەسەر بۆ بەستنی پەیوەندی سۆزداری و ” هەڕەشەیان دەرکردن و گواستنەوەیان لێکراوە ئەگەر بەمەرجی خاوەنکار یان بەرپرسی کار ڕازی نەبن”.